Link to home pageLanguagesLink to all Bible versions on this site
3
بەرگە پاکەکان بۆ سەرۆک کاهین
1 ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو، شەیتانیش لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستابوو تاکو تۆمەتباری بکات. 2 یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەی شەیتان، یەزدان سەرزەنشتت بکات! ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات! ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟»

3 یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو. 4 فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون: «بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.»

ئینجا پێی فەرموو: «تەماشا بکە، تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.»

5 منیش گوتم: «با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.» ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد، فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو.

6 ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد: 7 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت، ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون.

8 «”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین، گوێ بگرە، خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون، ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون، چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم، کە ناوی لقەکەیە. 9 تەماشا بکەن، ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا! حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم. لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

10 «”لەو ڕۆژەدا، هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»

<- زەکەریا 2زەکەریا 4 ->