2 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو[a] لە خاکەکە ڕادەماڵم. 3 وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: ”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن.
4 «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 5 هەریەکە و دەڵێت: ”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ 6 ئەگەر کەسێک بپرسێت: ”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ ئەویش وەڵام دەداتەوە: ”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
- a ڕۆحی پیسی هاندەر بۆ ئەنجامدانی کاری گڵاو.