Link to home pageLanguagesLink to all Bible versions on this site
زەبووری 95
1 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
2 بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.
 
3 لەبەر ئەوەی یەزدان خودایەکی گەورەیە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
4 قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
5 دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.
 
6 وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
7 چونکە ئەو خودامانە و
ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
مەڕی دەستی ئەوین.
 
ئەگەر ئەمڕۆ گوێتان لە فەرمایشتی یەزدان بێت کە دەفەرموێت:
8 «دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[a] لە بیابان،
9 لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم: ”ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
ڕێگای منیان نەناسی.“
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
”نایەنە ناو حەسانەوەی من.“»

<- زەبوورەکان 94زەبوورەکان 96 ->