زەبووری 80
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.
1 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
2 لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.
3 ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
4 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
5 تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
6 دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.
7 ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
8 دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە،
نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.
9 خاکت بۆ ئامادە کرد،
ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.
10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی،
چڵەکانی ئورزە گەورەکان.
11 لقی هەتا دەریا[b] هاویشت،
پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[c].
12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند
تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟
13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات،
زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.
14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە!
لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە!
ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،
15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی،
ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە،
بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.
19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە