Link to home pageLanguagesLink to all Bible versions on this site
زەبووری 67
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان، زەبوورێک، گۆرانییەک.
1 با خودا لەگەڵمان میهرەبان بێت و بەرەکەتدارمان بکات،
ڕوخساری خۆیمان بەسەردا بدرەوشێنێتەوە،*لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 4، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
2 تاکو ڕێگات لەسەر زەوی زانراو بێت،
ڕزگاریت لەناو هەموو نەتەوەکان.
 
3 ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن،
با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
4 با نەتەوەکان دڵخۆش بن و گۆرانی شادی بڵێن،
چونکە بە ڕێکی حوکمی خەڵک دەکەیت و
ڕێنمایی نەتەوەکانی سەر زەوی دەکەیت.
5 ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن،
با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
 
6 ئینجا زەوی بەروبوومی دەدات،
خودا، خودای من، بەرەکەتدارمان دەکات.
7 خودا بەرەکەتدارمان دەکات،
سەرتاسەری زەوی لێی دەترسن.

<- زەبوورەکان 66زەبوورەکان 68 ->