Link to home pageLanguagesLink to all Bible versions on this site
زەبووری 13
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
1 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟
هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
2 هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و
خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟
هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟
 
3 ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە،
چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
4 نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،»
نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.
 
5 بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە،
دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
6 سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.

<- زەبوورەکان 12زەبوورەکان 14 ->