زەبووری 108
گۆرانییەک. زەبوورێکی داود.
1 ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە،
بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
2 ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
3 ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
4 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە،
دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
5 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
6 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
7 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت[a] دەپێوم.
8 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا[b] داری دەسەڵاتی منە.
9 مۆئاب[c] دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
10 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
11 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
12 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
13 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
<- زەبوورەکان 107زەبوورەکان 109 ->
- a ناوی دوو شاری کۆنە. شەخەم شارێکی شوورابەند بوو لە پاڵ کێوی گریزیم، سوکۆتیش دەکەوتە دووری شەش کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.
- b گلعاد کوڕی ماکیرە و کوڕەزای منەششێیە و منەششێش نۆبەرەی یوسفە، ئەفرایمیش کوڕی دووەمی یوسفە، یەهوداش کوڕی یاقوبە، بۆیە ئەم ناوانە بوون بە ناوی هۆز و عەشیرەتەکانی ئیسرائیل و هەروەها ناوی شار و ناوچەکانیان.
- c خاکی مۆئابییەکان، دەکەوتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو.