2 دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن. پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا. 3 جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات. 4 ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
5 پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» 6 نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون.
7 هەورێکیش هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»
8 کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.
9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەوەی بینییان بە کەسی نەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10 ئەوانیش بابەتەکەیان لەنێو خۆیاندا هێشتەوە و لەبارەی هەستانەوەی نێو مردووانەوە دەستیان بە گفتوگۆ کرد.
11 جا پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»
12 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. کەواتە بۆچی دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ 13 بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»
16 عیسا لێی پرسین: «لەسەر چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟»
17 یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە. 18 لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
19 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.»
20 ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات.
21 عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟»
23 عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.»
24 یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»
25 عیسا کە بینی خەریکە قەرەباڵغ دەبێت، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!»
26 ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.» 27 بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.
28 عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
29 پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.»
35 عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»
36 ئینجا منداڵێکی هێنا و لەناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون: 37 «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.»
39 عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات، 40 چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە. 41 ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت.
50 «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.»
<- مەرقۆس 8مەرقۆس 10 ->- a ئیشایا 66:24