3 «لە بەر ئێوە نەوەکانتان سەرزەنشت دەکەم، ڕیخی قوربانی جەژنەکانتان بە دەموچاوتاندا دەکەم، جا لەگەڵیدا فڕێدەدرێن. 4 ئینجا دەزانن کە من ئەم ئاگادارکردنەوەیەم بۆ ئێوە نارد، بۆ ئەوەی پەیمانەکەم لەگەڵ لێڤی بەردەوام بێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 5 «پەیمانەکەم لەگەڵی بۆ ژیان و ئاشتی بوو، جا هەردووکیانم پێدا، بۆ ئەوەی ڕێزم لێ بگرێت. ڕێزی لێم گرت و لە ناوەکەم ترسا. 6 فێرکردنی ڕاست لەسەر زاری بوو، ناڕەوایی لەسەر لێوەکانی نەبوو. بە ئاشتی و بە ڕێکی دۆستایەتی لەگەڵم کرد و خەڵکێکی زۆریشی لە خراپە گەڕاندەوە.
7 «لەبەر ئەوەی دەبێت لێوەکانی کاهین زانین بپارێزن، خەڵک دێنە لای بۆ ئەوەی لە دەمی ئەو فێرکردنەکە بزانن، چونکە ئەو نێردراوی یەزدانی سوپاسالارە. 8 بەڵام ئێوە لە ڕێگاکە لاتاندا و فێرکردنەکانتان بۆ زۆر کەس بووە کۆسپ، پەیمانی لێڤیشتان شکاند.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 9 «لەبەر ئەوە من لەلای هەموو گەلەکە ڕیسوام کردن و سووکایەتیم پێکردن، چونکە ڕێگاکانی منتان نەگرتەبەر و لایەنگریتان کرد لە جێبەجێکردنی فێرکردنەکە.»
11 یەهودا ناپاکی کرد. شتێکی قێزەون لە ئیسرائیل و لە ئۆرشەلیم ئەنجام درا: ژنیان هێنا لەو ژنانەی کە خوداوەندێکی بێگانە دەپەرستن، بەم شێوەیە یەهودا پەرستگای یەزدانی گڵاوکرد، ئەوەی خۆشی دەویست. 12 هەرکەسێک کە ئەمە دەکات با یەزدانی سوپاسالار هیچ نەوەیەکی لە چادرەکانی یاقوب بۆ نەهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر قوربانیش پێشکەش بە یەزدان بکات.
13 شتێکی دیکە کە دەیکەن: بە فرمێسک قوربانگای یەزدان دادەپۆشن، بە گریان و هاوار، چونکە وەک جاران قوربانی ئێوە جێی ڕەزامەندی یەزدان نییە و بە پەسەند لە دەستتان وەرناگرێت. 14 ئێوە لێم دەپرسن: «لەبەر چی؟» لەبەر ئەوەی یەزدان شایەتە لەنێوان تۆ و ژنەکەی تەمەنی گەنجیت، کە ناپاکیت لەگەڵی کرد، هەرچەندە ئەو هاوسەرتە و ئەو ژنەیە کە پەیمانی هاوسەرگیریت لەگەڵی هەیە.
15 ئایا خودا نەیکردنە یەک؟ ئێوە بە جەستە و بە ڕۆح هی خودان. ئیتر خودا داوای چی دەکات؟ نەوەی لەخواترستان هەبێت. لەبەر ئەوە بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی لە ژنی تەمەنی گەنجیەتیتان مەکەن.
16 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: «ئەو پیاوەی کە ڕقی لە ژنەکەیەتی و تەڵاقی دەدات، توندوتیژی بەرامبەر بە کەسێک دەکات کە لەڕاستیدا دەبێت بیپارێزێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.