4 «دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت. 5 بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن. 6 ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یەکێک لەوانی لەبیر ناچێت. 7 تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
8 «پێشتان دەڵێم: ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، کوڕی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دانی پێدا دەنێت. 9 بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت. 10 ئەوەی قسە بە کوڕی مرۆڤ بڵێت، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، نابەخشرێت.
11 «کاتێک دەتانهێننە بەردەم کەنیشت و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، نیگەران مەبن لەوەی کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن و چی بڵێن، 12 چونکە ڕۆحی پیرۆز هەر لەو کاتەدا فێرتان دەکات پێویستە چی بڵێن.»
14 بەڵام ئەو پێی فەرموو: «کابرا، کێ منی کردووە بە دادوەر یان بەشکەر بەسەرتانەوە؟» 15 بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئاگاداربن و خۆتان لە هەموو جۆرە چاوچنۆکییەک بپارێزن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە زۆری سامانەکەی نییە.»
16 ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «مرۆڤێکی دەوڵەمەند، زەوییەکەی بەرهەمێکی زۆری دا. 17 لە دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بکەم کە شوێنم نەبێ بەرهەمەکەمی لێ کۆبکەمەوە؟“
18 «جا گوتی: ”وا دەکەم، ئەمبارەکانم تێکدەدەم و گەورەتری دەکەم، لەوێدا هەموو دانەوێڵە و ماڵەکەم کۆدەکەمەوە. 19 بە خۆشم دەڵێم: ’ئەی گیانم، ئەوەتا ماڵێکی زۆرت هەڵگرتووە کە بەشی چەندین ساڵ دەکات. بحەسێوە و بخۆ و بخۆوە و دڵشادبە.‘ “
20 «بەڵام خودا پێی فەرموو: ”ئەی گێلە، هەر ئەمشەو گیانت دەردەچێت. باشە ئەوەی کۆت کردووەتەوە، بۆ کێ دەبێت؟“
21 «بە هەمان شێوە دەبێ ئەو کەسەی گەنجینە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە بەڵام لەلای خودا دەوڵەمەند نییە.»
27 «سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. 28 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە پۆشتە دەکات؟ 29 جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن. 30 هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە. 31 بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت.
32 «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ. 33 ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات، 34 چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
41 پەترۆس گوتی: «گەورەم، ئەم نموونەیە بە ئێمە دەڵێی یان بە هەمووان؟»
42 مەسیح فەرمووی: «ئەو سەرکارە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی دەیکاتە چاودێری کۆیلەکانی تاکو لە کاتی خۆیدا بەشە خۆراکیان بداتێ؟ 43 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە، ئەوەی کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. 44 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. 45 بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ ئیتر دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە و کارەکەرەکانی دیکە، هەروەها دەخوات و دەخواتەوە و سەرخۆش دەبێت. 46 ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت، ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ بێباوەڕان دەبێت.
47 «ئەو کۆیلەیەش کە خواستی گەورەکەی دەزانێت، ئامادە نابێت و بە خواستی ئەو ناکات، زۆری لێ دەدرێت. 48 بەڵام ئەوەی نازانێت و کردەوەکەی شایانی لێدانە، ئەوا کەمی لێ دەدرێ. ئەوەی زۆری دراوەتێ داوای زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش زۆری لەلا دانراوە داوای زیاتری لێ دەکرێت.
54 دیسان بە خەڵکەکەی فەرموو: «کاتێک هەورێک دەبینن لە ڕۆژئاواوە بەدەردەکەوێت، خێرا دەڵێن: ”بارانی بەدەمەوەیە،“ هەر بەو شێوەیەش دەبێت. 55 کاتێکیش بای باشوور هەڵدەکات، دەڵێن: ”گەرم دەبێت،“ ئاواش دەبێت. 56 ئەی دووڕووان، دەزانن ڕووی زەوی و ئاسمان بخوێننەوە، چۆن نازانن ئەم سەردەمە بخوێننەوە؟
57 «هەروەها بۆچی بۆ خۆتان بە ڕاستی حوکم نادەن؟ 58 کاتێک لەگەڵ ڕکابەرەکەت بە ڕێگاوەی بۆ لای دادوەر، لە ڕێگا هەوڵ بدە کێشەکەت لەگەڵی ببڕێنیتەوە، ئەگینا ڕاتدەکێشێتە لای دادوەر و دادوەریش دەتداتە دەست پۆلیس، پۆلیسیش فڕێتدەداتە بەندیخانە. 59 پێت دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.»
<- لۆقا 11لۆقا 13 ->- a پێشبینییە بۆ ئازارکێشان لەسەر خاچ.