Link to home pageLanguagesLink to all Bible versions on this site
12
پاکبوونەوەی ژنان لەدوای منداڵبوون
1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو[a] دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت. 3 لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت، 4 ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت. 5 ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی[b] پاک ببێتەوە.

6 «”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی[c] تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه[d] دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە. 7 ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە.[e]

«”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت. 8 بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»

<- لێڤییەکان 11لێڤییەکان 13 ->