4 ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا. 5 هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.
6 لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن. 7 ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. بە ڕێگای عەراڤادا[a] هەڵاتن، 8 بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای سدقیای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن، هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو، 9 جا پاشایان بە دیل گرت.
12 لە دەی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، ئەوەی خزمەتی پاشای بابلی دەکرد، هاتە ئۆرشەلیم. 13 پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند. 14 شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون. 15 جا لە ڕەشوڕووتی گەل و پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکەدا مابوونەوە و ئەوانەی بۆ لای پاشای بابل هەڵاتبوون لەگەڵ پاشماوەی وەستاکان، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن. 16 بەڵام نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.
17 کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، هەموو بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد، 18 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، تاس[b]، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات. 19 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا تەشت و بخووردان، تاس، مەنجەڵ، چرادان، چەمچە و پەرداخەکانی برد. هەموو ئەوەی کە بە زێڕ و زیو دروستکرابوو بردی.
20 بڕۆنزی دوو کۆڵەکەکە و حەوزەکە و دوازدە گاکان کە لەژێر عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەدا بوون، ئەوەی سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، لە کێش نەدەهات. 21 هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ[c] درێژییەکەی بوو، چێوەکەی دوازدە باڵ[d] بوو، ئەستووریشی چوار پەنجە بوو، کلۆر بوو. 22 تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە پێنج باڵ[e] بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ هەنارەکان. 23 لە هەر لایەک نەوەد و شەش دانە هەنارەکان بوون، سەرجەمی هەنارەکان لەسەر هەر کەتیبەیەک لە چواردەوریدا سەد دانە بوون.
24 فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت. 25 لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، حەوت ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی[f] سوپاسالاری گرت ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن. 26 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە بۆ لای پاشای بابل. 27 پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی.
- a عەراڤا: واتە دۆڵی ڕووباری ئوردون.
- b کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29:20 و زەکەریا 9:15؛ 14:20 و عیبرانییەکان 9:13.
- c هەژدە باڵ: نزیکەی 8,1 مەتر.
- d دوازدە باڵ: نزیکەی 5,4 مەتر.
- e پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.
- f ڕازپۆشێکی تایبەت بوو بە ناونووسینی پیاوانی ئیسرائیل بۆ سەربازی.