4 «”ئەی سدقیای پاشای یەهودا، گوێ لە بەڵێنی یەزدان بگرە، یەزدان ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە تۆ: بە شمشێر نامریت، 5 بە ئاشتی دەمریت. وەک چۆن خەڵکی بۆ ڕێزگرتن لە باوباپیرانی پاشاکانی پێش تۆ بخووریان دەسووتاند، ئاوا بۆ ڕێزگرتن لە تۆ بخوور دەسووتێنن، بە ’گەورە ڕۆ!‘ بۆت دەلاوێنەوە. یەزدان دەفەرموێت: من ئەو بەڵێنە دەدەم.“»
6 جا یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیم هەموو ئەم قسانەی بە سدقیای پاشای یەهودا گوت، 7 لەو کاتەی سوپاکەی پاشای بابل کەوتە جەنگەوە لە دژی ئۆرشەلیم و ئەو شارانەی دیکەی یەهودا کە مابوونەوە، لە دژی لاخیش و عەزێقا، لە شارە قەڵابەندەکانی یەهودا تەنها ئەمانە مابوونەوە.
12 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 13 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لەگەڵ باوباپیرانتان پەیمانم بەست، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان لە خاکی کۆیلایەتییەوە، فەرمووم: 14 ”لە کۆتایی حەوت ساڵدا هەرکەسە و دەبێت ئەو عیبرانییە ئازاد بکات و بەڕەڵا بکات کە خۆی بە ئێوە فرۆشتووە و شەش ساڵ خزمەتی کردوون.“[a] بەڵام باوکانتان گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد. 15 ئەمڕۆ ئێوە تۆبەتان کرد و ئەوەی لەبەرچاوی من ڕاست بوو کردتان، هەرکەسە و ئازادکردنی بۆ هاونیشتیمانییەکەی ڕاگەیاند، لەو ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە پەیمانتان بەست. 16 بەڵام پاشان هەڵگەڕانەوە و ناوی منتان زڕاند، هەریەکەتان کۆیلە و کەنیزەکەی گەڕاندەوە، ئەوانەی ئازادتان کردبوون چییان بوێ بۆ خۆیان بیکەن، ناچارتان کردن ببنەوە کۆیلە و کەنیزەتان.
17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون بۆ ئەوەی هەرکەسە و ئازادکردنی هاونیشتیمانییەکەی ڕابگەیەنێت، من ”ئازادی“ بۆ ئێوە ڕادەگەیەنم، ”ئازادی“ بۆ ئەوەی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن. وا دەکەم هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان بتۆقن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 ئەو کەسانەی کە پەیمانەکەی منیان شکاند، ئەوانەی بەندەکانی ئەو پەیمانەیان جێبەجێ نەکرد کە لەبەردەمی من بەستیان، وەک ئەو گوێرەکەیەیان لێدەکەم کە دوو لەتیان کرد و بەناو دوو لەتەکەیدا تێپەڕین.[b] 19 پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیاوە گەورەکانی ئۆرشەلیم و کاربەدەستان و کاهینان و هەموو گەلی خاکەکە، ئەوانەی بەناو دوو لەتی جوانەگادا تێپەڕین، 20 دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن. تەرمەکانیان دەبێت بە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی.
21 «سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانیشی دەدەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن، دەیاندەمە دەست سوپاکەی پاشای بابل، ئەوانەی لە کۆڵتان بوونەتەوە. 22 من فەرمان دەدەم بابلییەکان بگەڕێنەوە ئەم شارە و لە دژی بجەنگن. ئەم شارە دەگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن، شارۆچکەکانی یەهوداش وێران دەکەم و ئاوەدانی تێدا نامێنێت.»