1 یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.» 2 منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.
3 ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 4 «ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستووە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات[a] و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.» 5 منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.
6 دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.» 7 منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.
8 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 9 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم. 10 ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت. 11 وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“ 13 تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 14 بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.