Link to home pageLanguagesLink to all Bible versions on this site
8
ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما
1 یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.[a]“» 2 هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.

3 لە پێغەمبەرە ژن[b] نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، 4 چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»

5 ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:

6 «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
ئاوی هێمنی شیلۆوەحی[c] ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
7 لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
ئاوی ڕووبارە[d] بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
8 بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
ئەی ئیمانوێل!»
 
9 ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
10 ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
قسە بکەن، سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.*عیبری: ئیمانوێل‏. بڕوانە 7‏:14 و مەتا 1:23‏‏.‏

11 یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:

12 «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
مەتۆقە.
13 تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
دەبێ لەو بترسی،
لەو بتۆقی.
14 ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
دەبێت بە تەڵە و داو.
15 زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
دەکەون و تێکدەشکێن،
بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»
 
16 ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
17 چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
من پشت بەو دەبەستم.

18 ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.

تاریکی دەبێتە ڕووناکی
19 کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان[f] و ڕۆح ئامادەکاران[g] بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ 20 بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت. 21 بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن. 22 ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»

<- ئیشایا 7ئیشایا 9 ->