5 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.» چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت، لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە، بەرامبەر دەروازەی باکوور.
6 پاشان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت چی دەکەن؟ ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟ بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»
7 ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە، جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی. 8 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.» منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.
9 پێی فەرمووم: «بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.» 10 منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد، ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە. 11 حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لەناوەڕاستیان وەستابوو. هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو، بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.
12 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن، هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟ دەڵێن: ”یەزدان نامانبینێت، یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“» 13 ئینجا پێی فەرمووم: «هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»
14 پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان، ئەوەی ڕووەو باکوورە، ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز[d] دەگریێن. 15 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمەت بینی؟ هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»
16 ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان، ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە، نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.
17 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟ ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟ سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم، ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە[e]. 18 هەروەها منیش بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم، چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»
<- حزقیێل 7حزقیێل 9 ->- a مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە حەڤدەی مانگی نۆ ساڵی 592ی پێش زایین.
- b مەبەست لە پەیکەری ئەشێرەی خواژنە کەنعانییەکانە کە خودای زاوزێ بوو، خەڵکی لە دەوروبەری وەک جۆرێک لە پەرستن هەموو داوێنپیسییەکیان دەکرد. بڕوانە دووەم پاشایان 21:7.
- c ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.
- d تەمووز: خودای زاوزێ و خوداوەندی جیهانی خوارەوە، واتە جیهانی مردووان.
- e هێمایەکی ئاشورییەکان بوو بۆ پەرستنی خوداوەندەکانیان.