1 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.» 2 منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا.
3 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو.
4 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بڕۆ بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ. 5 بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراویت، بەڵکو بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل، 6 نەک بۆ لای چەند گەلێک کە زمانیان قورس و قسەیان ئاڵۆز بێت کە لە گفتوگۆیان تێنەگەیت، چونکە ئەگەر تۆم بۆ لای ئەوانە بناردایە گوێیان لێ دەگرتیت. 7 بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل نایانەوێت گوێت لێ بگرن، چونکە نایانەوێت گوێ لە من بگرن، لەبەر ئەوەی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کەللەڕەق و دڵڕەقن. 8 لەبەر ئەوە من ڕووی تۆم وەک ڕووی ئەوان چیڕ کردووە و کەللەی تۆ وەک کەللە ڕەقی ئەوان. 9 ناوچەوانی تۆم وەک ئەڵماس لێکردووە، لە بەردەئەستێ ڕەقتر، جا لێیان مەترسە و مەتۆقە، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.»
10 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەموو ئەو قسەیەی پێتی دەڵێم، لە دڵتدا هەڵیبگرە و بە گوێت بیبیستە. 11 بۆ لای ڕاپێچکراوەکان بڕۆ، بۆ لای هاونیشتیمانیانت و قسەیان لەگەڵ بکە. گوێ بگرن یان نەگرن، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“»
12 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم، کاتێک شکۆمەندی یەزدان لەو شوێنە بەرز دەبووەوە کە تێیدا ڕاوەستابوو لە پشتمەوە گرمەیەک بەرزبووەوە. 13 ئەمەش دەنگی باڵی گیانلەبەرەکان بوو کە هەریەکە و بەوەی تەنیشتی دەکەوت، هەروەها دەنگی چەرخەکان، دەنگی گرمەیەکی گەورە بوون. 14 جا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی برد. هێزی یەزدانیش ناچاری کردم، منیش بە ڕۆحێکی تاڵ و تووڕەییەوە ڕۆیشتم. 15 ئیتر هاتمە لای ئەو ڕاپێچکراوانەی لە تێلئاڤیڤ لەلای نۆکەندی کەڤار نیشتەجێ بوون. حەوت ڕۆژ بە سەرسوڕماوی لەوێ نیشتەجێ بووم.
20 «ئەگەر کەسی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان بکات، کۆسپ دەخەمە ڕێگای و دەمرێت. لەبەر ئەوەی ئاگادارت نەکردەوە گوناهەکەی دەبێتە هۆی مردنی و ئەو ڕاستودروستییەی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێت، خوێنەکەشی دەخەمە ئەستۆی تۆ. 21 بەڵام ئەگەر تۆ کەسی ڕاستودروستەکەت ئاگادار کردەوە لەوەی ڕاستودروستەکە گوناه بکات و گوناهی نەکرد، ئەوا دەژیێت، چونکە ئاگادار کرایەوە و تۆش خۆتت ڕزگار کردووە.»
22 لەوێ هێزی یەزدان هاتە سەرم، ئەویش پێی فەرمووم: «هەستە بڕۆ دەشتاییەکە، لەوێ قسەت لەگەڵ دەکەم.» 23 منیش هەستام و چوومە دەرەوە بەرەو دەشتاییەکە. ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان لەوێ وەستاوە وەک ئەو شکۆمەندییەی لەسەر نۆکەندی کەڤار بینیم، ئیتر بەسەر ڕوومدا کەوتم.
24 ئینجا ڕۆحی خودا هاتە ناومەوە و هەڵیستاندمە سەر پێیەکانم، قسەی لەگەڵ کردم و پێی فەرمووم: «بڕۆ و لەناو ماڵەکەت دەرگا لەسەر خۆت دابخە. 25 تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، بە گوریس دەتبەستنەوە و کۆت دەکرێیت، بۆ ئەوەی نەتوانیت بچیتە ناویان. 26 منیش زمانت بە مەڵاشووتەوە دەنووسێنم و لاڵ دەبیت، بۆیان نابیت بە پیاوێکی سەرزەنشتکار، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین. 27 بەڵام کاتێک قسەت لەگەڵ دەکەم دەمت دەکەمەوە و پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ ئەوەی گوێ دەگرێت با گوێ بگرێت و ئەوەی گوێ ناگرێت با گوێ نەگرێت، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
<- حزقیێل 2حزقیێل 4 ->