1 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، تۆم وەک خودای فیرعەون لێکردووە و هارونی براشت وەک پێغەمبەری تۆ دەبێت. 2 تۆ دەدوێیت بە هەموو ئەوەی فەرمانت پێ دەکەم، هارونی براشت لەگەڵ فیرعەون دەدوێت بۆ ئەوەی ڕێگا بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن. 3 بەڵام من دڵی فیرعەون ڕەق دەکەم و نیشانە و پەرجووەکانم زیاتر دەکەم لە خاکی میسر. 4 فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، منیش دەستم دەخەمە سەر میسر، لەشکرەکانیشم کە نەوەی ئیسرائیلی گەلەکەمن بە چەند حوکمێکی دادپەروەرانەی مەزن لە خاکی میسر دەردەهێنم. 5 ئیتر میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەست بۆ میسر درێژ دەکەم و نەوەی ئیسرائیل لەنێویان دەردەهێنم.»
6 موسا و هارونیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، ئاوایان کرد. 7 موسا تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، هارونیش هەشتا و سێ ساڵ بوو، کاتێک لەگەڵ فیرعەون قسەیان کرد.
10 ئیتر موسا و هارون هاتنە لای فیرعەون، چۆن یەزدان فەرمانی پێ کردبوون ئاوایان کرد، هارون گۆچانەکەی فڕێدایە بەردەم فیرعەون و خزمەتکاران، بووە مارێکی شاخدار. 11 فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی کرد، ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد. 12 هەریەکە گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانەکانیان بوونە ماری شاخدار، بەڵام گۆچانەکەی هارون گۆچانەکانی ئەوانی هەڵلووشی. 13 ئیتر فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.
19 یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت لە دەست بگرە و دەستت بۆ سەر ئاوی میسرییەکان درێژ بکە، بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماو و هەموو حەوزەکانیان“ بۆ ئەوەی ببنە خوێن. ئیتر خوێن لە هەموو خاکی میسر دەبێت، تەنانەت لە سەتڵی دارین و لە گۆزەی بەردین.»
20 موسا و هارونیش ئاوایان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردن. گۆچانەکەی بەرزکردەوە و ئاوی نیلی گۆڕی، لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی. هەموو ئاوی نیل گۆڕا و بوو بە خوێن. 21 ماسییەکانی ناو نیلیش مردن و نیل بۆگەن بوو، میسرییەکانیش نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە، خوێنیش هەموو خاکی میسری گرتەوە.
22 جادووگەرە میسرییەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی. 23 ئینجا فیرعەون ڕووی وەرگێڕا و چووەوە ماڵەکەی خۆی و ئەمەی لە دڵ نەگرت. 24 هەموو میسرییەکانیش دەوروبەری نیلیان هەڵدڕی بۆ ئاو هەتا بیخۆنەوە، چونکە نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە.