Link to home pageLanguagesLink to all Bible versions on this site
27
قوربانگای قوربانی سووتاندن
1 «قوربانگاش لە داری ئەکاسیا دروستبکە، درێژییەکەی پێنج باڵ[a] و پانییەکەی پێنج باڵ بێت، قوربانگاکە چوارگۆشە بێت، بەرزاییەکەشی سێ باڵ[b] بێت. 2 قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بێت، قۆچەکان لە خۆی بێت و بە بڕۆنز ڕووکەشی بکە. 3 تەشتەکانی کە بۆ هەڵگرتنی خۆڵەمێشەکەی و هەروەها خاکەناز، تاس[c]، چەنگاڵ، مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستبکە. 4 کەتیبەیەکی وەک تۆڕیشی بۆ دروستبکە لە بڕۆنز، لەسەر تۆڕەکەش چوار ئەڵقەی بڕۆنز لەسەر هەر چوار لایەکەی دروستبکە. 5 بیخە ژێر لێواری قوربانگاکە و تۆڕەکەش هەتا ناوەڕاستی قوربانگاکە بێت. 6 دوو داریش بۆ قوربانگاکە لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە بڕۆنز ڕووکەشیان بکە. 7 دوو دارەکەش بخەرە ناو ئەڵقەکانەوە، ئیتر دارەکان بە هەردوو لای قوربانگاکەوە دەبن لە کاتی هەڵگرتنی. 8 قوربانگاکەش لە تەختە دروستبکە و ناوەکەی بۆش بێت. هەروەک لە کێوەکە پیشانت درا ئاوای دروستبکە.
حەوشەی چادرەکەی پەرستن
9 «حەوشەی چادرەکەی پەرستنیش لەلای باشوور دروستبکە، بۆ حەوشەکە چەند پەردەیەک دەبێت لە کەتانی ڕستراو بە درێژی سەد باڵ[d] بۆ یەک لا، 10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن. 11 ئاواش بۆ لای باکوور لە درێژیدا پەردەکان سەد باڵ درێژ بن، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە بن و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.

12 «لە پانی حەوشەکەش بەرەو ڕۆژئاوا چەند پەردەیەک بە درێژایی پەنجا باڵ[e] و کۆڵەکەکانی دە دانە و بنکەکانیشی دە. 13 لە پانی حەوشەکەش لەلای ڕۆژهەڵات و ڕووەو خۆر هەڵاتن پەنجا باڵ. 14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی بە درێژی پازدە باڵ[f]، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن. 15 بۆ لایەکەی دیکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.

16 «بۆ دەروازەی حەوشەکەش پەردەیەک کە بیست باڵ[g] درێژ و لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک و کۆڵەکەکانی چوار و بنکەکانیشی چوار بن. 17 هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکەش ئەڵقەی زیویان هەبێت بە دەوریان و قولاپەکانی لە زیو و بنکەکانی لە بڕۆنز بن. 18 درێژایی حەوشەکە سەد باڵ بێت و پانییەکەی پەنجا بە پەنجایە و بەرزاییەکەشی پێنج باڵ[h] و لە کەتانی ڕستراو و بنکەکانیشی لە بڕۆنز بن. 19 هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی دیکە کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێن، بە هەر شێوەیەک بەکاردێت، لەگەڵ هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە، دەبێت لە بڕۆنز دروستکرابن.

زەیت بۆ چرادانەکە
20 «تۆش فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت. 21 لەناو چادری چاوپێکەوتن[i] لە دەرەوەی پەردەکە ئەوەی لەبەردەم سندوقی پەیمانە[j]، هارون و کوڕەکانی لە ئێوارەوە هەتا بەیانی لەبەردەم یەزدان ڕێکی بخەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانیان لەنێو نەوەی ئیسرائیل.

<- دەرچوون 26دەرچوون 28 ->