22 «ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت. 23 تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات. 24 بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنیی نیعمەتی خودا.
25 «ئێستا دەزانم هیچکام لە ئێوە ئیتر ڕووم نابیننەوە کە بە ناوتاندا دەگەڕام و پاشایەتی خودام ڕادەگەیاند. 26 هەر بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم، کە لە خوێنی هەمووان بێتاوانم، 27 چونکە لە ڕاگەیاندنی تەواوی خواستی خودا بۆتان دوانەکەوتم. 28 ئاگاتان لە خۆتان و لە هەموو مێگەلەکە بێت، کە ڕۆحی پیرۆز ئێوەی کردووە بە چاودێر بەسەریانەوە. شوانایەتی کڵێسای خودا بکەن، کە بە خوێنی خۆی[a] کڕیویەتی. 29 دەزانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنەر دێنە ناوتان، بەزەییان بە مێگەلەکە نایەتەوە. 30 هەروەها لەنێو خۆتاندا خەڵکانێک پەیدا دەبن کە ڕاستیی دەشێوێنن، تاکو قوتابییەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. 31 بۆیە ئێشک بگرن، لە بیرتان بێت بۆ ماوەی سێ ساڵ شەو و ڕۆژ بە فرمێسکەوە نەوەستاوم لە ئاگادارکردنەوەی هەر یەکێکتان.
32 «ئێستاش بە خودا و وشەی نیعمەتەکەیتان دەسپێرم، کە توانای هەیە بنیادتان بنێت و لەگەڵ هەموو ئەوانەی پیرۆزکراون میراتتان پێ ببەخشێت. 33 چاوم لە زێڕ و زیو و جلی کەس نەبوو. 34 خۆتان دەزانن پێویستی خۆم و یاوەرانم، ئەم دەستانە دابینیان کردووە. 35 هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە چۆن ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی: ”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“»
36 کاتێک پۆڵس قسەکانی تەواو کرد، لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نوێژی کرد. 37 هەمووان زۆر گریان، باوەشیان کردبوو بە پۆڵسدا و ماچیان دەکرد، 38 بەو قسەی کردی خەمبار بوون کە گوتی جارێکی دیکە ڕووی نابیننەوە. ئینجا تاکو لای کەشتییەکە لەگەڵی ڕۆیشتن.
<- کردار 19کردار 21 ->- a خوێنی مەسیح.