5 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
6 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، ناردیان و لە ئارامییەکانی بێتڕەحۆڤ و چۆڤا بیست هەزار پیادەیان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ هەزار پیاو و لە تۆڤ دوازدە هەزار پیاویان بەکرێ گرت.
7 کاتێک داود ئەمەی بیستەوە، یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد. 8 عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئارامییەکانی چۆڤا و ڕەحۆڤ، لەگەڵ پیاوەکانی تۆڤ و مەعکا بە جیا لە دەشتودەر بوون.
9 کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن. 10 ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن. 11 یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم. 12 ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
13 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ، لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن. 14 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب لە شەڕی نەوەی عەمون گەڕایەوە و چوو بۆ ئۆرشەلیم.
15 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، پێکەوە کۆمەڵیان بەست. 16 ئینجا هەدەدعەزەر ناردی و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتی هێنا، ئەوانیش هاتن بۆ حێلام و شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و چوو بۆ حێلام، ئارامییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داود ڕیزیان بەست و لە دژی جەنگان. 18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت سەد گالیسکەسوار و چل هەزار سەربازی پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها لە شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی دا و هەر لەوێدا مرد. 19 کاتێک هەموو پاشاکانی ژێردەستەی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.