8 کە ئاسا گوێی لەم قسانە و لە پەیامەکەی عەزەریای کوڕی عۆدێد پێغەمبەر بوو، بەهێز بوو و بتە قێزەونەکانی لە هەموو خاکی یەهودا و بنیامین و ئەو شارۆچکانەی کە لە شاخەکانی ئەفرایمدا گرتنی، ڕیشەکێش کرد. قوربانگاکەی یەزدان ئەوەی بەردەم هەیوانەکەی پەرستگای یەزدانی نوێ کردەوە.
9 ئینجا هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و ئەو بیانییانەی کە لەگەڵیان بوون، لە ئەفرایم و مەنەشە و شیمۆن کۆی کردنەوە، چونکە لە ئیسرائیلەوە خەڵکێکی زۆر هاتبوونە پاڵی کاتێک بینیبوویان یەزدانی پەروەردگاری لەگەڵیدایە.
10 لە مانگی سێی پازدەیەمین ساڵی پاشایەتی ئاسادا لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و 11 لەو ڕۆژەدا لەو دەستکەوتەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، حەوت سەد مانگا و حەوت هەزار مەڕیان بۆ یەزدان سەربڕی و 12 پەیمانێکیان بەست کە بە هەموو دڵ و بە هەموو گیانیانەوە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانی خۆیان، 13 هەموو ئەوانەی کە ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ناکەن، لە گەورە و بچووک و لە پیاو و ژن، دەکوژرێن. 14 ئەوانیش سوێندیان بۆ یەزدان خوارد، بە دەنگی بەرز و بە هوتاف و زوڕنا و کەڕەنا لێدان. 15 هەموو یەهودا بەو سوێندە دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە سوێندیان خوارد و بەوپەڕی ڕەزامەندییانەوە ڕوویان لە یەزدان کرد، ئەویش بۆیان دەرکەوت و یەزدان لە هەموو لایەکەوە ئەوانی حەواندەوە.
16 ئاسای پاشا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و وردوخاشی کرد و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی. 17 هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی لە ئیسرائیل تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو. 18 هەروەها شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای خودا.
19 هەتا ساڵی سی و پێنجەمی پاشایەتی ئاسا هیچ جەنگێکی دیکە هەڵنەگیرسا.
<- دووەم پوختەی مێژوو 14دووەم پوختەی مێژوو 16 ->