Link to home pageLanguagesLink to all Bible versions on this site
5
حوکمدانی داوێنپیس
1 لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داوێنپیسی لەنێو ئێوەدا هەیە، جۆرە داوێنپیسییەک کە لەنێو بتپەرستەکانیشدا نییە: پیاو لەگەڵ باوەژنی دەژیێت![a] 2 ئێوەش لووتبەرزن! باشتر نەبوو ماتەمدار بن و ئەو کەسەش کە ئەم کارەی کردووە لە خۆتانی دووربخەنەوە؟ 3 هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح ئامادەم. وا ئەو کەسەم حوکم داوە کە ئەمەی کردووە، وەک ئەوەی لەوێ ئامادەبووبم: 4 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێوە و ڕۆحی من لەگەڵ هێزی مەسیح کۆدەبنەوە، 5 ئەم کەسە دەبێت بدرێتە دەست شەیتان[b] تاکو سروشتی دنیایی بفەوتێنێت، بۆ ئەوەی ڕۆحەکەی لە ڕۆژی یەزداندا ڕزگاری بێت.

6 شانازیکردنتان باش نییە. ئایا نازانن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت؟ 7 خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە، تاکو ببنە هەویرێکی نوێ، چونکە ئێوە بەڕاستی فەتیرەن. لەبەر ئەوەی مەسیحی بەرخی پەسخەمان سەربڕدرا. 8 کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە، بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی.

9 من پێشتر لە نامەکەی دیکەم بۆم نووسین تێکەڵ بە داوێنپیسان مەبن، 10 مەبەستم لە داوێنپیس و چاوچنۆک و تاڵانکەر و بتپەرستانی ئەم جیهانە نییە، ئەگینا ناچار دەبوون لەم جیهانە بچنە دەرەوە. 11 بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە. نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن.

12 بە من چی ئەو بێباوەڕانەی دەرەوەی کڵێسا حوکم بدەم؟ ئایا ئێوە ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا حوکم نادەن؟ 13 ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا خودا حوکمیان دەدات. [خراپەکار لەنێو خۆتان دووربخەنەوە.][c]

<- یەکەم کۆرنسۆس 4یەکەم کۆرنسۆس 6 ->